بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە بڕیارە دوو ڕۆژی دیکە بەڕێوە بچێت، بۆتە هۆی نیگەرانی کوردانی سووریا و لانیکەم لەمناوە دوو فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئیدارەی خۆسەری کوردی و لەوان مەزلووم کۆبانی و سینم محەمەد بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان لە هەڵبژاردنەوەی دووبارەی دۆناڵد ترامپ دەربڕیوە و دەڵێن کە ترامپ بە کشاندنەوەی نیوەی هیزە ئەمریکییەکان لە ساڵ ٢٠١٩ لە سووریا، ڕێخۆشکەر بوو بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردانی سووریا.
بەوەشەوە یووسف جان ڕێکخەری پلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناوەندی ویلسۆنی ئەمریکا لە لێدوانێک بۆ مەت برۆمفیڵد کارناسی پرسی کورد، لای وایە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە تەنیایی کاریگەرییەکی زۆری لە سەر هەلومەرجی کوردەکانی سووریا نابێت و ئەم پرسە زیاتر پەیوەستە بە پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا.
ئەو کارناسە جەختی لەوەش کرد کە پرسی کورد لە ناوچەدا تا ڕادەیەک دەروەستی بە پێوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا و هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ پێشگری لە دزەکردنی ڕووسیاوە هەیە، چونکە ئامادەبوونی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا زیاتر بۆ مەبەستی پێشگری لە دزەکردنی زیاتری ڕووسیایە و نەک بەرگری لە کوردانی سووریا.
یووسف جان لە کۆتاییدا ئەگەرچی جیاوازییەکی لە نێوان هەڵبژاردنی ترامپ و هەریس بۆ پاڵپشتیی ئەمریکا لە کوردان نەدی، بەلام پێشبینی ئەوەشی کرد کە پاش هەڵبژاردنەکان شایەدی گۆڕانی ستراتژیی ئەمریکا هەمبەر بە کوردانی سووریا دەبین.
Your Comment